تێگەیشتن لە دیوی شاراوەی قسەکردن وەک چارەسەر بۆ گرفتی پەیوەندییەکان
Manage episode 302104705 series 2880833
بەپێی وردکردنەوەیەکی قووڵ دەربارەی ھونەری گفتوگۆکردن، کە لە دنیای ئەمڕۆدا زانستیانە زۆر کاری پێ دەکرێ:
ھەموو قسەیەک یان نووسینێک و نامەیەک، چوارلای وەکو چوارگۆشەیەک ھەیە.
واتە تۆ تەنھا یەک ڕستە بڵێیت، دەتواندرێ بەسەر ئەو چوارلایەدا دابەش بکرێ و ئیدی بەپێی ئەو نێوەرۆکی نووسین و قسە و نامە و مەبەستە، لایەک لە لایەکی تری زۆرتر بەسەردا دابەش دەبێ.
ئەو لایانەش ئەوانەن:
لای بابەتی:
نێوەرۆکی بابەت و باسەکە.
لای پەیوەندی:
ئاستی پەیوەندی نێوان قسەکەر و وەرگر دیاری دەکا.
لای ئاشکراکردنی کەسایەتی قسەکەر:
واتە ئەم لایە ڕوونی دەکاتەوە کە کەسی قسەکەر یان نووسەر دەیەوێ چۆن خۆی پێشانی ئەوانی تر بدا یان چی لەسەر خۆی دەڵێ.
لای ویستی کاریگەریی:
ئەم لایە پێشانی دەدا، کە کەسی قسەکەر یان نووسەر دەیەوێ بە نووسین یان قسەکەی چی لەتۆدا بگۆڕێ.
لەگەڵ ئەوەشدا، ھەموو خوێندنەوە و وەرگرتنێک دیسان بەسەر چوارلادا دابەشکراوە، کە پێشی دەگوترێ:
مۆدێلی 'چوار گوێچکە'، لێرەدا دێتە سەر ئەوەی تۆ لەکاتی گوێگرتن یان خوێندنەوەدا، کامە گوێچکەت بۆ ئەو کەسە یان قسەیە کاراکردووە.
كە وەکو ھەمان دابەشکردنی لایەکانی سەرەوەن.
بۆنمونە: تۆ بە ھاوسەرەکەت دەڵێیت: بەخێربێیتەوە
ئەگەر تۆ زۆر بەجددیشت بێ، بەڵام پێشتر گرژییەک لە نێوانتاندا بوونی ھەبووبێ، ئەو بەو گوێچکەیە وەری دەگرێ، کە بۆ تانەلێدان وەریدەگێڕێ و ڕەنگە کاردانەوەی خراپیشی ھەبێ، ئەوجا تۆش توڕە دەبیت چونکە نیەتت وانەبووە، ئیدی کاتێک دەزانیت، دوو کەسی توڕە لێک نزیک دەبنەوە، لەکاتێکدا ئەمە ھەڵەتێگەیشتن و وەرگێڕانی ھەڵەیە.
ئەگەر زانیاریمان لەسەر ئەو وردکردنەوەی سەرەوە ھەبێ، زۆر کێشە و توندووتیژی نێوانی مرۆڤەکان کەمتر دەبنەوە، لەگەڵ ئەوەشدا بە ئاگاترەوە لەگەڵ یەکدیدا گفتوگۆ دەکەین.
ھەر ئەم نووسین و بڵاوکردنەوەی منیش دەکرێ ئاوا بەسەر چوار لادا دابەشبکرێ، بۆنمونە:
نێوەرۆک چییە؟
پەیوەندی من لەگەڵ ئێوەدا چۆنە؟
چۆن خۆم پێشانی ئێوە دەدەم؟
دەمەوێ بەم نووسین و و ئەڵقەیەی پۆدکاست کاریگەری چیم ھەبێ؟
سەرچاوەی ئەو تیۆرییە دەگەڕێتەوە بۆ لێکۆڵینەوە و نووسیەنەکانی دەرووننانس و پسپۆڕی گفتوگۆکردن بەڕێز فریدریش شولتس فۆن توون،
بەھیوای شادی و ئارامی و گفتوگۆی ئاستبەرز پێکەوە.
نەریمان ئاغالی
____________________
#پۆدکاستی #ژیان و #بەرکەوتن
#کۆمەڵایەتی #دەروونی #پەروەردە
17 episodes